Genesis 27:27-39

27ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم
وەک بۆنی دەشتودەرە
کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
28با خودا لە شەونمی ئاسمان و
لە چەوری زەویت بداتێ،
هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
29با گەلان ببنە خزمەتکارت،
نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.
ببە بە سەروەری براکانت،
کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.
با ئەوانەی نەفرەتت لێ دەکەن نەفرەت لێکراو بن و
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»
30پاش ئەوەی ئیسحاق لە داواکردنی بەرەکەت بووەوە بۆ یاقوب، یاقوب لەلای ئیسحاقی باوکی چووە دەرەوە، عیسۆی برای لە ڕاوەکەی هاتەوە. 31ئەویش خواردنی ئامادە کرد و بردیە ژوورەوە بۆ باوکی و پێی گوت: «باوکە، هەستە لە ڕاوی کوڕەکەت بخۆ، تاکو داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

32ئیسحاقی باوکیشی پێی گوت: «تۆ کێیت؟»

ئەویش گوتی: «من کوڕە نۆبەرەکەی خۆتم، عیسۆ.»

33ئیتر ئیسحاق زۆر توند لەرزی و گوتی: «ئەی کێ بوو ئەوەی کە نێچیرێکی ڕاوکردبوو و بۆی هێنام؟ منیش لە هەموویم خوارد، پێش ئەوەی تۆ بێیت داوای بەرەکەتیشم بۆ کرد، هەروەها بەرەکەتداریش دەبێت.»

34عیسۆ کە قسەکانی باوکی بیست، بە دەنگێکی زۆر بەرز و بە خەمبارییەوە هاواری کرد و بە باوکی گوت: «باوکە، دە داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە!»

35بەڵام ئیسحاق گوتی: «ئاخر براکەت بە فێڵبازی هات و بەرەکەتی تۆی برد.»

36عیسۆ گوتی: «ئایا لە جێی خۆیدا نییە کە ناونراوە”یاقوب“
یاقوب واتا پاژنە دەگرێت، واتایەکی مەجازییە واتا هەڵدەخەڵەتێنێت. بڕوانە 25‏:26‏.‏
؟ ئەوە دوو جارە فێڵم لێ دەکات، نۆبەرایەتییەکەی منی برد، وا ئێستاش بەرەکەتەکەی منی برد.» ئینجا گوتی: «ئەی هیچ بەرەکەتێکت بۆ من نەهێشتووەتەوە؟»

37ئیسحاق وەڵامی دایەوە و بە عیسۆی گوت: «وا ئەوم کردووە بە سەروەری تۆ و هەموو کەسوکاریشیم داوەتێ بۆ ئەوەی ببنە خزمەتکاری ئەو، بە دانەوێڵە و شەرابی نوێ پشتگیریم کردووە. ئیتر بۆ تۆ چی بکەم، کوڕم؟»

38عیسۆش بە باوکی گوت: «ئایا تەنها یەک بەرەکەتت هەیە؟ باوکە، داوای بەرەکەت بۆ منیش بکە.» ئیتر عیسۆ دەنگی هەڵبڕی و گریا.

39ئیسحاقی باوکی وەڵامی دایەوە:

«نشینگەکەت دوور لە دەوڵەمەندی زەوییەوە دەبێت،
دوور لە شەونمی ئاسمان لە سەرەوە.
Copyright information for CkbKSS